کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە درێژەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنە ئەکادیمییەکاندا، پێنج مامۆستای زانکۆی کۆیە هاوشانی داهێنەرانی زانکۆکانی تری هەرێمی کوردستان، بڕوانامەی ڕێزلێنانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان پێبەخشرا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ تۆمارکردنی داهێنانی زانستی لە بواری پسپۆڕییەکانیاندا.
ڕۆژی دووشەممە (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ - ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی) بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام محمد قادر بەڕێوەچوو. لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێز لە ٥١ مامۆستای خاوەن داهێنان لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان نرا، کە پێنج لەوان مامۆستایانی لێهاتووی زانکۆی کۆیە بوون.
ناو و فاکەڵتیی مامۆستا داهێنەرەکانی زانکۆی کۆیە
ئەو مامۆستایانەی زانکۆی کۆیە کە بەهۆی توێژینەوە و داهێنانە زانستییەکانیانەوە شایستەی ئەم ڕێزلێنانە بوون، پێکهاتوون لە:
- پ.د. حنان طارق صبحي — بەشی بایۆلۆجی، فاکەڵتیی زانست و تەندروستی.
- پ.ی.د. سلام غفور طاهر — بەشی کیمیا، فاکەڵتیی زانست و تەندروستی.
- پ.ی.د. هانی خلیل اسماعیل — بەشی کیمیا، فاکەڵتیی زانست و تەندروستی.
- پ.د. پەیمان صبحە احمد — بەشی ئەندازیاریی میکانیک و دروستکردن، فاکەڵتیی ئەندازیاری.
- د. شیلان سمین حمید — بەشی ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی، فاکەڵتیی ئەندازیاری.
"توێژینەوە و داهێنان"؛ ڕەنگدانەوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆ
ئەم دەستکەوتە زانستییە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی ستراتیژیی پێشکەوتووی زانکۆی کۆیە، کە لە حەوت کۆڵەکەی سەرەکی پێکهاتووە.
کۆڵەکەی دووەمی ئەم پلانە ستراتیژییە کە لەژێر ناونیشانی "توێژینەوە و داهێنان" کار دەکات، ئامانجی سەرەکی هاندانی مامۆستایان، توێژەران و خوێندکارانی زانکۆیە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئاستبەرز و دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ ئاڵنگارییەکانی کۆمەڵگە.
سەرکەوتنی ئەم مامۆستایانە و بەدەستهێنانی پاتێنتی جیهانی و ناوخۆیی (خاوەنداریی داهێنان)، نیشانەیەکی زیندووی دەرکەوتووی گەشەسەندنی بەردەوامی پڕۆسەی ئەکادیمی و زانستییە لە زانکۆی کۆیەدا.






محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ