کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
زانکۆی کۆیە وەک ڕێکخەری فەرمیی ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی گرین مەتریك (UI GreenMetric) لە عێراق، بەشداری لە دەیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخەرانی وڵاتانی جیهان کرد، کە بە شێوازی ئۆنلاین لە شاری بیرکنفێڵدی ویلایەتی ڕاینلاند-پالاتیناتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦، لەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەدا کە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی چالاکییە ژینگەیییەکان، داڕشتنی ستراتیژیی نوێ و بەهێزکردنی بەردەوامیی ژینگەیی لە زانکۆکاندا، د. ئەحمەد عەبدولسەلام مەعروف، لێپرسراوی هۆبەی ڕیزبەندی لە زانکۆی کۆیە، بە نوێنەرایەتیی زانکۆ سیمینارێکی پێشکەش کرد.
لە سیمینارەکەدا، نوێنەری زانکۆی کۆیە تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی زانکۆ لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز.
ناوبراو ئاماژەی بە "خەڵاتی زانکۆ بۆ پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان" کرد، کە تایبەتە بە دیاریکردن و ڕێزلێنان لە باشترین پڕۆژەی ژینگەییی خوێندکاران لە فاکەڵتییە جیاوازەکاندا؛ هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی زانکۆ و خوێندکاران، کە بە ئامانجی خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بونیادنانی ژینگەیەکی تەندروست ئەنجامیان داون.
شایانی باسە، دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز لە چوارچێوەی کۆڵەکەی زانکۆی سەوز لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ٢٠٢٣-٢٠٢٧ ڕۆژی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی ڕاگەیەندرا و زانکۆی کۆیە لە ڕێگەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشخەرییە ئامانجێتی زانکۆکە بکاتە زانکۆیەکی نموونەیی دۆستی ژینگە و بەردەوامیدان لە عێراق و ناوەچەکە.
دەربارەی ڕیزبەندیی گرین مەتریك (UI GreenMetric)
ڕیزبەندیی جیهانیی گرین مەتریك، ڕیزبەندێکی نێودەوڵەتیی پێشکەوتووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پابەندبوونی زانکۆکان بە بنەماکانی بەردەوامیی ژینگەیی. پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن بریتین لە: سیاسەتە ژینگەیییەکان، ژێرخانی کەمپ، بەکارهێنانی وزەی پاک، بەڕێوەبردنی ئاو و پاشماوەکان، سیستەمەکانی گواستنەوە، هەروەها بەرنامەکانی پەروەردە و توێژینەوەی تایبەت بە ژینگە.








محمد کریم سیدگوڵ | بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین | هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم | گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا | وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر | وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش | فۆتۆگرافەر
کەریم قاسم صالح | فۆتۆگرافەر
سامان فاتح | ئەندازیاری دەنگ