کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە درێژەی کار و چالاکییە زانستییەکان و لەپێناو پاراستن و بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوە ئاوییەکان، زانکۆی کۆیە بە هاوکاریی زانکۆی بەسڕە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دووکان، پڕۆژەیەکی توێژینەوەییی بەرفراوانیان دەست پێ کرد.
ئەم پڕۆژەیە، کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆدا هاتووەتە دی، تیمێکی پسپۆڕی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە و سەنتەری زانستیی دەریاییی زانکۆی بەسڕە لەخۆ دەگرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵە زانستییە، هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەیە لە ژێرخانی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاواناسی (Hydrology)، ئاواناسیی زەمین (Hydrogeology) و جیۆفیزیکی ژینگەیی.
پڕۆژەکە بەپێی پلانێکی داڕێژراو لە دوو قۆناغ پێک دێت و کاری کێڵگەیییەکەی شەش مانگ دەخایەنێت. لەم ماوەیەدا پشت بە ئامێری پێشکەوتووی زانستی دەبەسترێت بۆ ئەوەی وردترین دەرەنجام بەدەست بێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕاگەیاندنی زانکۆ، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە دوای دوو هەفتە کارکردنی چڕ و بەردەوام، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
بڕیار وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا ئامادە بکرێت و لە ڕێگەی دیدارێکی زانستییەوە پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت؛ تاوەکو وەک بنەمایەکی زانستی لە بڕیارە ستراتیژییەکانی بواری ئاودێری و پاراستنی ئاسایشی ئاویدا کاری پێ بکرێت.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣-٢٠٢٧) بۆ بایەخدان بە توێژینەوە، داهێنان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئەم پڕۆژە هاوبەشە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە زانستییەکانی نێوان زانکۆکانی عێراق و سوودوەرگرتن لە توانای پسپۆڕانی ناوخۆ بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی.





