کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
کردنەوەی پڕۆژەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکانی بیست و سێهەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی کۆیە، ڕۆژی یەکشەممە (١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی پێشەنگکاریی «یەکەم کاری من» لەناو کەمپەسی زانکۆدا کرایەوە.
ئامادەبووان و گفتوگۆ لەگەڵ خوێندکاران
مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەکە بە ئامادەبوونی پ.د. محمد حسیب صدیق سەرۆکی زانکۆی کۆیە، حاکم طارق حەیدەری قایمقامی قەزای کۆیە، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، مامۆستایان، فەرمانبەران و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بەڕێوەچوو؛ لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە گفتوگۆی کرد و لە میکانیزمی بەڕێوەچوون و ئامانجە مەیدانییەکانی پڕۆژەکەی کۆڵییەوە.
دیدگای پڕۆژەکە و هەشت کوشکی کارسازی
پڕۆژەی «یەکەم کاری من» دەستپێشخەرییەکی زانکۆی کۆیەیە و بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی کار، فێرکردنی بنەماکانی بەڕێوەبردنی کارسازی (Entrepreneurship) و ڕاهێنانی پراکتیکی بۆ خوێندکاران و دەرچووان هاتۆتە کایەوە؛ پڕۆژەکە خۆی لە دروستکردنی هەشت کوشکی هاوچەرخی تایبەت بە کار دەبینێتەوە تا توێژی گەنجان بتوانن لە نزیکەوە ئەزموونی دەستپێکردنی کاری سەربەخۆ و بەڕێوەبردنی بازاڕ لەناو ژینگەی زانکۆدا تاقی بکەنەوە.
ڕەنگدانەوە لە پلانی ستراتیژی و تواناسازیی گەنجان
ئەم هەنگاوە نوێیە ڕەنگدانەوەی کرداریی کۆڵەکەکانی "سەرکەوتنی خوێندکاران و ئامادەسازییان بۆ بازاڕێ کار" و "خزمەتکردنی کۆمەڵگە"یە لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣–٢٠٢٧)، کە کار دەکات بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان پرۆسەی خوێندن و بازاڕی کار و ئامادەکردنی نەوەیەکی دەستپێشخەر و خاوەنکار بۆ داهاتووی وڵات.














نووسین و هەواڵ و بڵاوکردنەوە | محمد کریم سیدگوڵ
فۆتۆ | دڵشاد جمیل کاکەڕەش
فۆتۆ | کەریم قاسم صالح
ڤیدیۆگرافی | ئەندام ئەحمەد خالد