ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە زانکۆی کۆیە بە ھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی ئەژی وۆڕکشۆپێک دەربارەی پێشگیریکردن لە خۆکوژی لە ڕۆژی جیهانیی پێشگیری لە خۆکوژی (١٠ی ئەیلوول) ئەنجامدا.

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا بەڕێز سەرۆکی نووسینگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، خاتوو یۆکۆ فووجیمارا گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەم وۆرکشۆپە لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە خۆکوژی کرد و بۆ میوانداریکردنی ئەم چالاکییە سوپاسی زانکۆی کۆیە.

دواتر گوتاری زانکۆی کۆیە لە لایەن بەڕێز د.حەیدەر لەشکری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێشکەشکرا. د. حەیدەر لە گوتارەکەیدا باسی لە ڕۆڵ و کاریگەری زانکۆ کرد لە پێشگیریکردن لە گرفتەکانی کۆمەڵگە کە خۆکوژی یەکێکە لەو دیاردانە و جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆ دەتوانێت چارەسەری گونجاو لەو بوارانەدا پێشکەش بکات و زیاتر بچێتە ناو کۆمەڵگەوە و بەم جۆرە زانکۆ و کۆمەڵگە تەواوکەری یەکتری بن.

دواتر بەڕێز قانع خضر، چەند وتەیێکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق بۆ پێشگیریکردن لە خۆکوژی پێشکەش کرد و لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە پلانی ستراتیژی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ  پێشگرتن لە خۆکوژی کرد.

گوتاری بەخێرهاتنی میوانەکان لەلایەن بەڕێز د. هاوکار باپیر بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان زانکۆی کۆیە و خاتوو جولیا میەر پێشکەش کرا.

دوای گوتارەکان، پانێلی یەکەمی وۆرکشۆپەکە دەستی پێکرد کە لەلایەن د. یاسین دوومان-ەوە بەڕێوەبرا و تێیدا لە پ. د. خالید اسماعیل مستەفا باسێکی سەبارەت بە ڕۆڵی ئایین لە پێشگیرکردن لە خۆکوژی پێشکەش کرد کە تیشک خستە سەر بنەما ئایینی و باوەڕییەکان و ئەو ھۆکار و بنەماییانەی کە دەتوانن تاکی باوەڕمەند لە خۆکوژی دووربخاتەوە.

م. باخان بەختیار، پانێلیستی دووەم بوو و باسێکی سەبارەت بەوەی چۆن ھەمووان دەتوانن پێشگیری لە خۆکوژی بکەن پێشکەش کرد، ناوبراو تیشکی خستە سەر توانایی تاکی گوێگر و ھاوسۆز بۆ ڕۆڵگێڕان لە چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە بەجۆرێک تاک دەتوانێ بە ئەداکردنی مۆڕاڵ و ئەخلاقیاتی تایبەتی وەک گوێگرتن و ھاوسۆز بوون بۆ دەوروبەر ڕۆڵی بنەڕەتی لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانی تاکەکانی دیکەدا ھەبێ و بەمجۆرە پێشگیری بکات لە دیاردەیێکی وەک خۆکوژی.

  • کورتە فلیمێک پیشکەش کرا

پاشان کورتە فلیمی " ھیوا یان کردار" کە لەلایەن قانع خضر، کۆڤان عبد الله و ئەمیرە موراد دەرهێنانی بۆ کرابوو نمایش کرا.

وۆڕکشۆپە ھاوتەریبەکان بەشێکی تری بەرنامەکانی پێک دەھێنا کە تێیدا بەشداربوون بەسەر پێنج گرووپی جیاواز دابەشکران تاکوو پێکەوە لە چوارچێوەی گرووپی ھاوبەشدا لە ڕوانگەی "توێژینەوە، میدیا، داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی، جێندەر و کۆمەڵگەی مەدەنی و تەندروستی" گەنگەشەی دیاردەی خۆکوژی بکەن گرووپەکان لەلایەن: گرووپی یەکەم: د. یاسین دومان و م. هاژە تەها، گرووپی دووەم: د. سارە ویڵسن و د. گۆڤەند نەجمەددین، گرووپی سێیەم: م. صباح عبدالرحمن و م. محمد سیدگوڵ، گرووپی چوارەم: د. هاوکار باپیر و عمر العانی، گرووپی پێنجەم: ڕاز بەکر و دابان قاسم بەڕێوەبردرا.

هەر لە پەراوێزی وۆرکشۆپەکەدا، پێشانگایەکی نیگارکێشی بوو بۆ خاتوو ناز عەلی عەوڵا، کرایەوە کە کۆمەڵێک تابلۆی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو.

خاتوو، ناز سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خۆکوژی و هونەر و کاریەهەریی هونەر و بە تایبەتی نیگارکێشی لەسەر پێشگیریگرتن لە خۆکوژی گوتی:

 "بە بۆچوونی من ھونەر دەتوانێ ڕۆڵێکی باش و کاریگەر بگێڕێ لە پێشگیریکردن لە خۆکوژی چونکە ھونەر سەرچاوەی ئارامی ڕۆحە بۆ تاک."

دواتر و لە بڕگەیێکی تردا کۆبەندی باسەکانی ناو پێنج گرووپەکە لە پانێڵێکی ھاوبەشدا پێشکەش بە بەشداران کرا و بەشدارن تێیدا بە پرسیار و تێبینی و پێشنیارەکانیان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.

بڕگەی کۆتایی وۆڕکشۆپەکە تایبەت بوو بەخشینی بڕوانامەی بەشداریکردن بە لێژنەی ئامادەکاری وۆڕکشۆپەکە لەلایەن زانکۆی کۆیە و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی.

News Date
Image
A workshop on Suicide Prevention was Held at Koya University