ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بەڕیز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ. ی. د. محمد حسیب صدیق پێشوازی لە هەریەک لە بەڕێزان:
پ. ی. د. احمد بهاءالدین علی و پ. ی. د. هاوکار سالار احمد مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و شاندێکی یژنەی ڕۆژنامەوانانی وەرزشی کوردستان کرد.
لە میانی دیدارەکە کە هەریەک لە بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ. ی. د. رۆستەم سەلام عەزیز، ڕاگری فاکەڵتیی پەروەردەی وەرزش، پ. ی. د. نەبەز عبد الله و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە، م.ی. محمد کریم سەیدگوڵ ئامادەیبوون، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ پرۆژەکەیان خواست.
سەرەتا بەڕێز پ. ی. د. احمد بهاءالدین علی پووختەیەکی دەربارەی ئەو پرۆژەیەی کە دەستیان پێکردووە لە پێناو "یەکخستنەوەی زاراوە وەرزشییەکان" پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەو گرفت و ئاڵنگارییانەی کە دێتە پێشیان چ وەکو مامۆستای زانکۆ لە گەیاندنی پەیامەکان بە خوێندکاران و چ وەکو رۆژنامەوانان کە بە ئەستەم بەرامبەرێکی گونجاو بۆ زاراوەکان دەدۆزنەوە بۆ زمانی کوردی.
دواتر بەڕێز پ. ی. د. هاوکار سالار احمد، ئاماژە بە رۆڵی بەشەکانی زمانی کوردی لەو بوارە کرد و جەختی لە هەماهەنگی نێوان هەردوو بوارەکە کردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ. ی. د. محمد حسیب صدیق دەستخۆش لە میوانەکان کرد و پاڵپشتیی زانکۆی کۆیە بۆ پرۆژەکەیان دەربڕی و گوتی:
"بەڕاستی ئەمە پرسێکی گرنگە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت. یەکخستنەوەی زاراوەکان لە هەموو بوارەکاندا و دۆزینەوەی زاراوەی گونجاو لە زمانی کوردی ئەرکیکی قورس و پیرۆزە. ئەم کارە دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشەکانی زمانی کوردی و ئەکادیمیای کودی ئەنجام بدرێت. پێشنیارتان بۆ دەکەم کە کارەکانتان لە چووارچێوەی کۆنفرانسێکی زانستی تاوتوێ بکەن کە بە راسپاردەی زانستی دەرچێت و بەرهەمی کارەکانتان ببینن. ئێمە وەکو زانکۆی کۆیە ئامادەین هاوکاری و هەماهەنگیی تەواوتان پێشکەش بکەین بۆ سەرخستنی کارەکەتان."
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا میوانەکان خەڵاتێکی ڕیزلینان و چەند کتێبێکیان بەخشییە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ. ی. د. محمد حسیب صدیق و بەڕێز ڕاگری فاکەڵتیی پەروەردەی وەرزش، پ. ی. د. نەبەز عبد الله.