سەنتەری مەلای گەورە لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە، دیدارێکی زانستی سەبارەت بە ڕۆڵی سینەمای کوردی بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣، سەنتەری مەلای گەورە لە فاکەڵتیی پەروەردە لە زانکۆی کۆیە شەشەمین دیداری زانستیی خۆی بە ناونیشانی، "بزوتنەوەی سینەمای کوردی و ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاری کۆمەڵگەدا" بەڕێوەبرد.
دیدارەکە لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە و بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق، ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی و حکوومی، هونەرمەندان و سینەماکاران، مامۆستایانی زانکۆ، خوێندکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو.
کردنەوەی دیدارەکە بە وتاری بەڕێز بەڕێوەبەری سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوەی زانستی، پ.د. هشیار زەکی دەستیپێکرد.
دواتر بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق لە وتارێکیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی سینەما بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی هۆشیاری تاک لە کۆمەڵگا هەروەکو کۆڕ و کۆبوونەوە و ئەنجامدانی سیمینار و خول و وۆرکشۆپ و گوتی:
"هاوشان لەگەڵ ئەمانەدا (سیمینار و خول و وۆرکشۆپ) سینەما بە یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دادەنرێت ئەگەر بێت‌و بەشێوەیەکی زانستیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بەتایبەت بۆ کۆمەڵگای ئەم سەردەمە. بەجۆرێک ئەو فیلمانەی نمایش دەکرێن دەکرێت وامان لێبکەن ژیان بە گۆشە نیگای جیاواز ببینین."
بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئاماژەی بەوە کرد کە وەکو زانکۆی کۆیە سەرەرای نەبوونی هیچ بەشێکی تایبەت بە بە هونەر و میدیا و سینەما بەڵام ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدار و چالاکیانە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا بە پێویست دەزانن و گوتی:
"وەک زانکۆ لە پلانماندایە کار لەسەر دروستکردنی بینایەکی تایبەت بە شانۆ و سینەما بکەین لەناو کەمپی زانکۆ و ماڵێکی شانۆ و سینەما لە زانکۆ دابمەزرێنین بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆمان هەروەها دانشتوانی ناو شاری کۆیە بتوانن سودی لێ وەربگرن و ببێتە مایەی زیاتر بڵاو بوونەوەی هۆشیاری تاک لە کۆمەڵگاکەماندا."
دوای وتارەکان دەست بە پێشکەشکردنی پانێلە زانستییەکان کرا و لە پانێلی یەکەمدا کە د. نەزیرە سابڕ پێشکەشی کرد سێ بابەت لەلایەن هەریەک لە پ. ی .د عه‌بدولناسر مسته‌فا زه‌ڵمی، هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار شاخه‌وان عبدالله و دەرهێنەر ئاكۆ عه‌زیز میرزا کە لە وڵاتی سویدەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری کرد پێشکەش کرا.
هەر لە هەمان پانێل‌دا كورته فیلمی (یه‌كه‌مین چیرۆك) له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار دانا كه‌ریم نمایش کرا و مامۆستای هونه‌رمه‌ند هاوار مسته‌فا خان پرۆژه‌ی سینه‌ما و گه‌شتیاری پێشکەش کرد.
پانێلی دووەمی دیدارە زانستییەکە لە کاتژمێر ١٢:٣٠ دەستیپێکرد و پ.ی.د. کیفی احمد عبد القادر بەڕێوەیبرد جگە لە نمایش کردنی دوو کورتە فلیم بە ناونیشانەکانی (ماڵێكی چۆڵ) لە ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار، ئاكۆ عه‌زیز میرزا و (مایكڕۆفۆن) له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار، كهریمۆك غه‌فور، كورته فیلمی دیكۆمێنتاری بە ناونیشانی (باشووریی خوهڕاگر) کە هونه‌رمه‌ند شینوار كه‌مال دەرهێنانی بۆ کردبوو نمایش کرا.
هەر لە هەمان پانێل، دوو بابەتی زانستی لە لایەن مامۆستای هونه‌رمه‌ند كهریمۆك غه‌فور و مامۆستای موزیكژه‌ن، ئامانج غازی پێشکەشکرا.
پانێلی سێیەم و کۆتایی دیدارەکە لەلایەن پ.ی.د. هاوژین سڵێوەوە بەڕێوەچوو و لەم پانێلەدا سێ بابەتی زانستی بە ناوەکانی؛ "سینه‌ما له نێوان - سڕكردنی - بێهۆشكردنی كۆمه‌ڵگه و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا" لەلایەن هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار دانا كه‌ریم، "هێزی ته‌كنیكی سینه‌مایی له به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌ی توند و تیژیدا" لەلایەن پ.ی.د دڵشاد مسته‌فا ره‌حیم و "الكورد والسينما الكوردية في المصادر النقدية السينمائية" کە لەلایەن د. کوثر جبارە-وە پێشکەش کرا.
هاوکات لە دوای بابەتە زانستییەکان كورته فیلمی (ده‌نگێك له دووره‌وه) له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار، شاخه‌وان عبدالله و كورته فیلمی (ئۆكسجین له هه‌مبه‌ر خوێن) له ده‌رهێنانی (مه‌سعود عارف) پێشکەشکرا.
کۆتایی دیدارە زانستییەکە بە دابەشکردنی بڕوانامەی رێزلینان بە ئامادەبووان کۆتایی هات.