تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق و تیمی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "کەلەپوور لە مەترسیدایە" کرد.

 تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN، لە نامەیەکی فەرمیدا سوپاسی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق و تیمی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "کەلەپوور لە مەترسیدایە" کرد و ستایشی ڕێکوپێکیی ڕێکخستن و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی کرد.

نامە فەرمییەکەدا کە واژووی سەرۆکی EAHN، پ.د. ماری لیندینگ و جێگری سەرۆکی EAHN، پانایۆتیس تۆرنۆکیۆتیس-ی لەسەربوو و بە ئیمەیل ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق و بەڕێزان ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری، پ.ی.د. گەلاوێژ بەکر باپیر و پ.ی.د. سەحر باسل کراوە.

لە نامەکەدا سەرۆکایەتی EAHN، ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنفرانسی  نێودەوڵەتیی "کەلەپوور لە مەترسیدایە" کە ٢٠-٢١ی شوباتی ٢٠٢٣ لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە وتاری قسەکەرانی سەرەکی کۆنفرانس، ئەنجام و ڕاسپاردەی توێژینەوەکان، هەروەها گەشتی ئەکادیمی و کەلتوریی بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە.

لە نامەکەدا هاتوو:

EAHN، شانازی دەکات کە بەشێک بووە لەم بۆنە گرنگە کە لە لایەنە جیاوازەکانی ئەو مەترسیانە دەکۆڵێتەوە کە دەبنە هۆی لەدەستدانی کەلەپوور، سەرباری پرسیار و سەرنجەکان دەبارەی پاراستنی کەلەپووری کەلتوریی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نێودەوڵەتی لە هەمبەر ئەم پرسە جیهانییە."

 تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN، لە نامەکەیدا سوپاس و پێزانین خۆی و ستایشی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسەکە دەکات و تێیدا هاتووە:

 ئێمە لە ناخی دڵمانەوە سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو ئامادەکاری و ڕێکخستنە ئاست بەرزە، هەروەها بۆ ئەو هاوکارییە بنیاتنەرەی کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو پلانی بۆ دانراوە، هیوادارین هاوکاری یەکتربین لە کاری هابەشیی دیکەی ئەکادیمی.

فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە لە ٢٠-٢١ی شوباتی ٢٠٢٣ کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیی بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN و بە سپۆنسەری پرۆژەی بەردەوامی دۆکیمێنتکردنی مۆنۆمێنتەکانی میزۆپۆتامیا لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەناونیشانی "کەلەپوور لە مەترسیدایە" بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجامدا.

تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN، لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە. تۆڕەکە، باڵپشتیی توێژینەوە و فێربوون دەکات لە رێگەی رەخساندنی پلاتفۆرمێکی گشتی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی مێژووی تەلارسازی.

ناوەندی  تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN لە ئەورووپایە و دەرگاکانی بۆ مێژوونووسانی تەلارسازی و زانایان لە بوارە پەیوەندیدارەکان لە هەموو وڵاتەکاندا کراوەیە.

EAHN، لە سەرانسەری جیهان ئەنمدامی هەیە کە لە چەندین بوار و پسپۆری جیاوازدا کاردەکەن. ئامانجی سەرەکیی EAHN، پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوبەشی نێودەوڵەتییە.

تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN، لە ساڵی ٢٠١٠وە دوو ساڵ جارێک کۆنفرانسێکی گەورەی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدات. ئەم کۆنفرانسانەی کە دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت ئەوە سەلماند کە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە یەکخستن و پتەوکردنی توێژینەوەکانی مێژووی تەلارسازیی ئەورووپا و دەرەوەی ئەورووپا.

جگە لەو کۆنفرانسەی کە دوو ساڵ جارێک بەڕیوەدەچیت، EAHN لە سەرنسەری جیهان هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی و زانستییەکان بۆ رێکخستنی کۆنفرانس و کۆربەندی زیاتر بابەتییانە دەکات.

دۆکیومێنتکردنی مۆنیمێنتەکانی میزۆپۆتامیا لێكۆڵینەوەیەكی تۆپۆگرافی سەرجەم مۆنیۆمێنت و شوێنەوارە دێرینەكانی كوردستانی عێراق (باشووری ڕۆژئاوای توركیا) تا باشوورى عێراق پێشكەش دەكات. پڕۆژەیەك لە كاردا، ئەم لێكۆڵنەوەیە هەر لە سەرەتای مێژووەوە تا مێژووی هاوچەرخ لە خۆی دەگرێتەوە. بەردە هەڵكۆڵراوەكانی سەر شاخەكان كە دەگەڕێنەوە بۆ كاتی میزۆپۆتامیا، و پەرستگە و كڵێسە مەسیحیە كۆنەكان، و سەردەمی سەرەتایی ئیسلام، و سەردەمی عوسمانیەكان و سەدەی بیستەم لە خۆ دەگرێت. لە ڕێگەی داتا بەیسی وێنەکان دەتوانن بینەری دەوڵەمەندی و قوڵی مێژووی دێرینی ناوچەی میزۆپۆتامیا بن. بیرۆكە و بەڕێوەبردنی پرۆفیسۆر زەینەب بەحرانیە، و بناغەی لێكۆڵینەوەكە لە پڕۆژەیەكی بەردەوام پێکدێت بۆ نرخاندنی دۆخی مانەوەی مۆنیۆمێنتەكان، و دیاریكردنی شۆێنەكەیان، و تۆماركردنیان بە شێوازێكی دیجیتالی بۆ ئەوەى تۆماركراو بمێننەوە و کاری لێكۆڵینەوەكانی داهاتو لە ناوچەكەدا ئاسانبکرێت. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2010ەوە دەستیپێكردوە و لە لایەن سندوقی داهێنانی جیهانی سەرۆکی زانکۆی کۆلۆمبیا پشتگیری کراوە، لەگەڵ یارمەتی زیاتر لەلایەن دامەزراوەی کێست و دامەزراوەی کارنەجی.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ رەزامەندی لەسەر بەرێوەچوونی کۆنفرانسی (کەلەپوور لە مەترسیدایە) بەسەرپەرشتی تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN لە زانکۆی کۆیە درا. لە ٢٠ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢، ماڵپەڕی تایبەتی کۆنفرانسەکە درووستکرا و و دەرگای خۆتۆمارکردن و ناردنی پووختەی توێژینەوەکان لەلایەن توێژەرانەوە کرایەوە. دوای پەسەندکردنی ٢٤ توێژینەوەکە و تەواوکردنی سەرجەم ئامادەکارییەکان کۆنفرانسەکە لە ٢٠-٢١ی شوباتی ٢٠٢٣ بەڕێووەدەچێت.

 

 

تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN لە نامەیەکدا شانازی بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە هاوبەشەکەی لەگەڵ زانکۆی کۆیە دەکات

News Date
Image
تۆڕی ئەورووپی بۆ مێژووی تەلارسازی EAHN لە نامەیەکدا شانازی بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە هاوبەشەکەی لەگەڵ زانکۆی کۆیە دەکات