زانکۆی کۆیە لە میانەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵی کۆیە پێشبڕکێی ڕاکردنی ماوە درێژی بۆ خوێندکاران و ئارەزوومەندانی وەرزشەکە بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣، دەستپێکی فێستیڤاڵی کۆیە کە بە سەرپەرشتی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەنابی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەچوو بە ئامادەبوونی بەڕێز بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاتوو ژوان سابیر، بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق، کۆنسۆڵی وڵاتانی بیانی، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە، کەسایەتییە کارگێڕی، حیزبی و کۆمەڵایەتییەکانی شاری کۆیە و میوانانی نێوخۆیی و بیانی لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی کۆیەدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو.
چالاکییەکانی زانکۆی کۆیە بریتیبوون لە؛ ماراسۆنی زانکۆی کۆیە، پێشانگای کاری خوێندکارانی هەرسێ فاکەڵتیی ئەندازیاری، زانست و تەندروستی و پەروەردە، یاریی کۆتایی خولی شەتڕەنج، یاریی کۆتایی خولی تێنسی سەرمێز، یاریی کۆتایی خولی فووتساڵی خوێندکاران و نمایشی جلوبەرگی کوردی لە قۆناغە مێژووییەکاندا.
چالاکییەکانی زانکۆ بە ماراسۆنی زانکۆی کۆیە دەستی پێکرد کە تێیدا زیاتر لە ١٢٠ وەرزشوان لە هەردوو رەگەزی کچ و کوڕ بەشدارییان تێداکرد.
دوای ڕاکردنی وەرزشوانان لە خاڵی دەستپێکی ماراسۆنەکەوە بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر دە بەشداربووی کچان و دە بەشداربووی کوڕان توانییان پلە بەدەستبهێنن و سێ براوەی یەکەم جامی تایبەتی فێستیڤاڵ و حەوت براوەکەی دیکەش مێدالیای تایبەتی فێستیڤاڵیان پێ بەخشرا.
لە هێڵی کۆتاییدا هەریەکە لە بێگەرد لاوە، ئانیا فریاد و لیا شەماڵ یەکەم و دووەم و سێیەمی کچان بوون و هەریەک لە سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د. محمد حسیب صدیق خەڵاتی سێیەم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێز عباس فتاح خەڵاتی دووەم و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێز خاتوو کوردۆ عومەر خەڵاتی یەکەمی دابەشکرد.
هاوکات هەریەک لە احمد محمد، محمد نوزاد، ئاکار باپیر پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی کوڕانیان بەدەستهێنا و خەڵاتی یەکەم لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاتوو ژوان سابیر، خەڵاتی دووەم لەلایەن بریکاری وەزارەتی داد بەڕێز خاتوو شیلان خان و خەلاتی سێیەم لەلایەن بریکاری وەزارەتی ئەوقاف د. زینەدین مەولود ئاموکەییەوە دابەشکرا.
دواتر میدالیای ڕیزبەندیی چوارەم تاکو دەیەم بەسەر براوەی ماراسۆنەکە لە کچان و کوڕان دابەشکرا.