زانکۆی کۆیە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت و بەشکۆدا پلانی ستراتیژیی خۆی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند.
ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز د. ئامانج عبدالله سەعید وەک نوێنەری جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە و کەسایەتی کارگێڕی، حیزبی و کۆمەڵایەتیی شاری کۆیە، باڵیۆز و کۆنسۆڵی وڵاتانی بیانی لە باشووری کوردستان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی کۆیە لە مەڕاسیمێکی تایبەت و بەشکۆدا پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ڕاگەیاندرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
بڕگەی دواتر تایبەت بوو بە وتاری سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق، سەرۆکی زانکۆی کۆیە لە وتارەکەیدا هەنگاوەکانی ئامادەکردن و نووسینەوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەی خستەبەرباس و هاوکات ئامانجەکانی پشت داڕشتنی ئەم پلانەی بە مەبەستی پێشخستنی ئاست و پێگەی نێوخۆیی و دەرەکی زانکۆی کۆیەی ڕوون کردەوە.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق لە وتارەکەیدا گوتی:
هەروەک ئاشکرایە زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و زانستی گرنگ هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە پێشخستنی کۆمەڵگادا و لەم چوارچێوەیەدا زانکۆکان بۆ ئەوەی هەڵسن بە ڕۆڵی خۆیان بە تایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و داهێنان و پێشکەوتن لە بواری تەکنۆلۆژیا و گەشەی ئابووری لە هەر کۆمەڵگەیەک لەژێر ڕۆشنایی تایبەتمەندیی شوێنی جوگرافیی زانکۆکە و دۆخی دارایی و سیاسیی ناوچەکە پێویستیان بە پلانی ستراتیژی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی زانکۆ."
لەدرێژەدا ناوبراو گوتی
دەزانم کۆمەڵگای زانکۆمان لە مامۆستایان و کارمەندان و خوێندکاران لە چاوەڕوانی ئامادەکردنی پلانی ستراتیژیی زانکۆمان بوون و دڵنیام لەوەی تەواو ئامادەن بۆ بەشداریکردنێکی کارا بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ڕێگای بەرنامەی کاری زانکۆمان، هاوکات پێویستە ڕۆڵی فەرمانگە و دامو دەزگا حکومییەکان و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەبیر نەکەین چونکە هەماهەنگیکردن لەگەڵیان زۆر بە پێویست دەزانین بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە."
ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز دکتۆر ئامانج سەعید کە وەک نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا کردبوو لە بڕگەیێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد.
بڕگەی دواتر نمایشکردنی کورتە ڤیدیۆیەکی گرتبووەخۆ سەبارەت بە قۆناغ و هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە، ئەم کورتە ڤیدیۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیەوە ئامادەکرابوو.
دواتر سپاس و پێزانینی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە ئاڕاستەی لێژنەی باڵای داڕشتنی پلانی ستراتیژی، لێژنەی کۆڵەکە سەرەکییەکان، لێژنەی وەرگێڕان و پێداچوونەوەی زمانەوانیی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە کرا و شایانی ئاماژەیە ناوی ئەندامانی لێژنە ئاماژەپێکراوەکان لە پلانی ستراتیژییدا هاتووە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە لە دوو توێی کتێبێکدا بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەسەر ئامادەبووان و بەشداران دابەش کرا.