وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژە سەبارەت بە ئاکاری توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەچوو

ڕۆژانی ٤ و ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژە سەبارەت بە ئاکاری توێژینەوە لە سەنتەری پێداگۆجی و پەرەپێدانی زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەچوو. 

ئەم وۆرکشۆپە دوو ڕۆژییە بەشێکە لە زنجیرەی وۆرکشۆپە هاوبەشەکانی زانکۆی کۆیە لە هەرێمی کوردستان و زانکۆی ئۆڵستەر لە ئیرلەندی باکوور، پێشتر ئەم دوو زانکۆیە پرۆژەیەکی توێژینەوەی فرەڕەهەند و فرەلایەنی هاوبەشیان سەبارەت بە " سیاسەتی ئابووری لە پەروەردەدا" پێشکەش بە ئەکادیمیی بریتانیایی British Academyی کردبوو و توانیبوویان پاڵپشتییەکی دارایی بەبڕی ٩٤٥ هەزار پاوەندی بریتانیایی بۆ ئەم پرۆژەیە دەستەبەر بکەن و بەشێک لەم پڕۆژەیەش بەڕێوەبردنی زنجیرەیەک وۆرکشۆپی هەرێمی لە زانکۆی کۆیە بوو.

نوێترین وۆرکشۆپی هاوبەشی زانکۆی کۆیە و زانکۆی ئۆڵستەر لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان د. شێرکۆ کرمانج لە زانکۆی کۆیەی هەرێمی کوردستان و د. کێڵسی شانکس لە زانکۆی ئۆڵستەری ئیرلەندی باکوور پێشکەش دەکرێت و بابەتە جۆراوجۆرەکانی بواری ئاکاری توێژینەوە وەک فەلسەفە و پێناسی ئاکاری توێژینەوە، بنەماکانی ئاکاری توێژینەوە و گرینگی ئاکار لە توێژینەوەدا دەگرێتەوە.

د. شێرکۆ کرمانج لەمیانەی لێدوانێکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە ئاماژەی بە ئامانج و گرینگی بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپەکە کرد و گوتی:

"ئامانجی بنەڕەتی وۆرکشۆپەکە ئاشناکردنی توێژەرانە لەگەڵ پرسە ئاڵۆزەکانی ئاکار لە توێژینەوەدا و ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی باس و گفتوگۆ لە وۆرکشۆپەکەدا پێشکەش دەکرێن".

بەشدارانی وۆرکشۆپەکە شێوازی بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپەکە و بە تایبەتی گفتوگۆی بایەخداری نێوان پێشکەشکارانی بابەتەکان و بەشداربووان بە هەنگاوێکی گرینگ و کردەیی ئەم پڕۆژەیە چاو لێ دەکەن بە ئامانجی زیاتر وردبوونەوە و چوونەناو قووڵایی بابەتەکان.

سۆران عمر رشید یەکێک لە بەشدارانی ئەم وۆرکشۆپە کە پێنجەمین وۆرکشۆپە ناوبراو تێیدا بەشدار دەبێ وێڕای بە گرینگ زانینی بەشدارییەکەی لەم چەشنە وۆرکشۆپانەدا ئاماژەی بە بابەتی نوێترین وۆرکشۆپەکە کرد و گوتی: "وەک بەشداربوویەک دەتوانم بڵێم لەو وۆرکشۆپەدا وەڵامی چەندین پرسیارم وەرگرت هاوکات لەگەڵ بەدەستهێنانی چەندین زانیاریی تازە سەبارەت بە ئاکاری توێژینەوە و توێژەر و بەتایبەت بەرپرسیارییەتیی توێژەر لە دۆخە هەستیارەکاندا".

ڤینوار شۆڕش حەمەد مستەفا بەشداربوویەکی دیکەی وۆرکشۆپەکەیە و ناوبراو خۆشحاڵی خۆی لە بەشداری وۆرکشۆپەکە دەربڕی و کارکردن لە ناو تیمی هاوبەشی توێژەرانی وۆرکشۆپەکە بە ئەزموونێکی گرینگ و گەورە بۆ خۆی و بەشداربووان دەزانێ و خوازیارە لەڕێگەی ئەم کارە پێکەوەیی و هاوبەشانە تیمەکانی توێژینەوەی ئەم پڕۆژەیە بتوانن بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێ لە تێگەیشتنی ڕۆڵی پەروەردە لە بنیادنانی ئاشتی و سەقامگیری.

پڕۆژەی " سیاسەتی ئابووری لە پەروەردەدا" پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان زانکۆی کۆیە لە هەرێمی کوردستان و زانکۆی ئۆڵستەر لە ئیرلەندی باکوورە کە ئامانجی توێژینەوەی فرە ڕەهەند سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سیاسەتی ئابووری لەسەر بواری پەروەردە و بە تایبەتی لە وڵات و کۆمەڵگەکانی دوای شەڕ و تێکهەڵچوونی ئەتنیکی و مەزهەبی.

 

 

 

 

 

 

 

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

 

News Date
Image
وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژە سەبارەت بە ئاکاری توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەچێ