مامۆستایەکی زانکۆی کۆیە بەشداریکرد لە "3rd International Conference on Linguistics, Literature and Teaching Methods " واتە سێیەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی زمانەوانی، ئەدەبیات و ڕێگاکانی وانەگوتنەوە کە لە زانکۆی ئەل-عێراقییە لە بەغدا بەڕێوەچبوو.
ڕۆژانی ٦ و ٧ی ئاداری ٢٠٢٤ی زایینی بەرامبەر ١٦ و ١٧ی رەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی، سێیەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمانەوانی، ئەدەبیات و ڕێگاکانی وانەگوتنەوە بەناونیشانی "3rd International Conference on Linguistics, Literature and Teaching Methods" لە زانکۆی ئەل-عێراقییە لە بەغدادی پایتەختی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ بەڕێوەچوو، پ.ی.د الهام مجید قادر مامۆستای زانکۆی کۆیە لە بەشی زمانی ئینگلیزیی فاکەڵتیی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان بە توێژینەوەیەک بەشداری لەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەدا کرد.
ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییە بە ئامانجی ڕەخساندنی هەل و دەرفەتێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونی توێژەران لە بوارەکانی زمانەوانی، ئەدەبیات و ڕێگاکانی وانەگوتنەوەی زمانی ئینگلیزی ڕێکخرابوو، پ.ی.د الهام مجید لەم کۆنفڕانسەدا بە توێژینەوەیەک سەبارەت خراپ نواندنی ژنان لە ڕیکلامدا و هەڵسەنگاندنی لەڕوانگەیەکی ڕەخنەیی فرەمۆداڵەوە بەناونیشانی "Misrepresentation of Women in Selected Advertisements: A Critical Multimodal Perspective " بەشداریکردبوو شایانی ئاماژەیە ئەم ڕوانگە ڕەخنەیەی ناوبراو لە توێژینەوەکەیدا گرتوویەتەبەر یەکێکە لە نوێترین تیۆرییەکانی بواری زمانەوانییە.
د. الهام مجید مامۆستای بەشی زمانی ئینگلیزیی فاکەڵتیی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە ئامانج و ڕاسپارەدەکانی توێژینەوەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەم توێژینەوەیە دەیهەوێ تیشک بخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە ڕیکلام تەنیا لە بواری بازرگانی نا بەڵکوو لە بواری لەقاڵبدان و بەرجەستەکردنی هزر و بۆچوونی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەیە سەبارەت بە هەرشتێک کە بیخاتەڕوو و لەم بوارەدا خراپ بەکارهێنان و بەکاڵاکردنی ژنان بۆتە دیاردەیەک کە بەداخەوە بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی ڕیکلام لە جیهاندا پەیڕەوی دەکەن و ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر وێناکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە لە ئێستا و لە داهاتوودا ئەمە لە کاتێکدایە ژنان لە چەندین دامەزراوەی ئاکادیمی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و بازرگانی ڕۆڵی گرینگیان هەیە.