کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە هەنگاوێکی نوێ و گرنگدا بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز»، زانکۆی کۆیە بۆ دابینکردنی ١٢ پاسی کارەبایی، لەگەڵ کۆمپانیایەکی وڵاتی چین ڕێککەوتن.
جێبەجێکردنی بەڵێنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پلانی ستراتیژی
ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣-٢٠٢٧) و دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز» دێت، کە لە ڕێکەوتی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمی ڕاگەیەندرا. کەتێیدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ گواستنەوەی کارەبایی لە زانکۆی کۆیە دەربڕی و بەڵێنی دابینکردنی ١٢ پاسی کارەبایی بە زانکۆکە دا؛ بەم جۆرە ڕێککەوتنەکەی وڵاتی چین دەبێتە هەنگاوێکی کرداریی بۆ بەدیهێنانی ئەو بەڵێنە و چەسپاندنی دیدگای ستراتیژیی زانکۆ.
سەردانی مەیدانی و هەڵبژاردنی کۆمپانیا
ڕێککەوتنی دابینکردنی پاسەکان لەسەر ئەرکی قوباد تاڵەبانی، لە میانی سەردانی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کۆماری میللیی چین هاتە ئاراوە؛ دوای بەسەرکردنەوەی چەندین کۆمپانیای تایبەتمەند لە بواری گواستنەوەی کارەبایی و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار و هەڵسەنگاندنی وردی پێوەرە تەکنیکییەکان، کۆمپانیایەکی چینی بۆ دابینکردنی پاسەکان دەستنیشان کرا.
کەمپەسی زانکۆ وەک «تاقیگەیەکی زیندوو» بۆ گواستنەوەی پاک
ئەم ١٢ پاسە کارەبایییە دەبنە بڕبڕەی پشتی پڕۆگرامی گواستنەوەی خاوێن لە زانکۆ؛ بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی باو، کەمکردنەوەی گازە دەردراوەکان لەناو کەمپەس و دابینکردنی گواستنەوەیەکی تەندروست و دۆستی ژینگە بۆ خوێندکار ، مامۆستا، فەرمانبەر، میوانان و گەشتە پەروەردەییە ژینگەییەکان.
گواستنەوەی پاک یەکێکە لە کردارە سەرەکییەکانی دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز، لەپاڵ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، بەڕێوەبردنی ئاو، پاشەڕۆکۆکردنەوە (ڕیسایکلکردن)، فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی، پەروەردەی ژینگەیی و توێژینەوەی بەردەوام.
لە ڕێگەی کارپێکردنی ئەم پاسە کارەبایییانەوە، زانکۆی کۆیە دەیەوێت کەمپەسەکەی بکاتە نموونەیەکی کرداری و «تاقیگەیەکی زیندوو» (Living Lab)، تا خوێندکاران، توێژەران و کۆمەڵگە لە نزیکەوە تەکنەلۆژیای بەردەوام بەرجەستە بکەن.
ئەم دەستکەوتە، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆی کۆیەیە بە جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی پێنج ساڵە و چەسپاندنی پێگەی زانکۆ وەک ناوەندێکی پێشەنگ لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گواستنەوە بەرەو داهاتوویەکی سەوزتر.









